بەکارهێنانی خۆراکی پڕۆتیندار پێش زایین لە مەڕدا بۆچی گرنگە؟
یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی خۆراکدانی مەڕ، ئەو هەفتانەی کۆتاییە کە نزیکە لە زایین. لەم قۆناغەدا هەم پێویستی مەڕ بە خۆراک زیاد دەکات و هەم گەشەی بەرخەکان لەناو سکی دایکەکەدا خێراتر دەبێت.
بۆیە لە قۆناغی کۆتایی سکپڕیدا دەبێت بەرنامەیەکی خۆراکدانی دروست و هاوسەنگ جێبەجێ بکرێت. خۆراکدان و ئەو جۆرە خۆراکانەی لەم قۆناغەدا بەکاردێن؛ کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر کێشی کاتی زایین، چالاکی بەرخ، بەرهەمی شیر لە قۆناغی شیرپێدان و چاکبوونەوەی دایکەکە دوای زایین.
لەو قۆناغە هەستیارەدا یەکێک لەو بابەتانەی بەرهەمهێنەران دەبێت زۆر سەرنجی بدەنێ، دابینکردنی پێویستی دایکەکەیە بە پڕۆتین.
هۆکاری زیادبوونی پێویستی بە پڕۆتین لەگەڵ نزیکبوونەوەی زایین ئەوەیە کە بەشێکی زۆری گەشەی بەرخەکان لەناو سکی دایکدا لە 1/3ی کۆتایی سکپڕیدا ڕوودەدات.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە سکپڕی دووانە یان سیانەدا بەرخەکان لەناو سکی دایکدا بە خێرایی گەشە دەکەن. بەم هۆیەوە پێویستی مەڕ بە پڕۆتین، نیشاستە، کانزا و ڤیتامینیش بەرز دەبێتەوە.
ئەگەر مەڕی سکپڕ پڕۆتینی پێویست و کوالێتی بەرز وەرنەگرێت، هەم ڕەنگە ناچار بێت پشت بە کۆگای وزەی لەشی خۆی ببەستێت و هەم ڕەنگە تووشی کێشە بێت لە دابینکردنی پێویستییەکانی بەرخە گەشەسەندووەکان.
بۆیە لەو قۆناغەی نزیکە لە زایین، پێویستە ڕاسیۆنەکە لە ڕووی پڕۆتینەوە بەپێز بێت.
خۆراکی پڕۆتیندار چۆن کاریگەری لەسەر گەشەی بەرخ دەکات؟
پڕۆتین یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی گەشەی ماسولکە و شانەکانی بەرخ لەناو سکی دایکدا.
دابینکردنی پڕۆتینی پێویست لە قۆناغی کۆتایی سکپڕیدا، یارمەتیدەرە بۆ پشتگیریکردنی گەشەی بەرخەکە.
لەو دایکانەی بە باشی خۆراک نادرێن، مەترسی لەبارچوون یان لەدایکبوونی بەرخی لاواز زیاد دەکات. بەتایبەت لە کەشوهەوای سارددا، ئەو بەرخانەی لاواز لەدایک دەبن ئەگەری ژیانیان کەمترە.
بۆیە ئامانج دەبێت بەدەستهێنانی بەرخی تەندروست و چالاک بێت.
لە سکپڕی دووانە و سیانەدا پڕۆتین تەنانەت گرنگترە
پێویستی بە ماددە خۆراکییەکان لە مەڕێک کە تەنها یەک بەرخی هەیە لەگەڵ مەڕێک کە دووانە یان سیانەی هەیە، وەک یەک نییە.
لە سکپڕی فرەدا چونکە بەرخی زیاتر لە ڕەحمدا گەشە دەکەن، بەتایبەت لە قۆناغی کۆتایی سکپڕیدا پێویستی بە وزە و پڕۆتین بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بۆیە دەبێت دۆخی سکپڕی لە ڕانەکەدا تا دەکرێت دیاری بکرێت و بەتایبەت خۆراکدانی ئەو مەڕانەی دووانە یان سیانەیان هەیە بەپێی ئەوە ڕێکبخرێت.
جێبەجێکردنی هەمان بەرنامەی خۆراکدان بۆ مەڕێک کە یەک بەرخی هەیە و مەڕێک کە سیانەی هەیە، هەمیشە ئەنجامی دروست نادات.
ئایا بەکارهێنانی خۆراکی پڕۆتیندار کاریگەری لەسەر بەرهەمی شیر هەیە؟
دوای زایین یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی مەڕ دابینکردنی بڕێکی پێویست و کوالێتی بەرزی کۆلۆسترۆم (شیری یەکەم)ە بۆ بەرخەکەی.
بەتایبەت لە ڕۆژانی یەکەمی دوای زایین، وەرگرتنی شیری یەکەم واتە کۆلۆسترۆم لەلایەن بەرخەوە زۆر گرنگە. ئێمە دەتوانین ئەمە بەو سەرچاوە پڕۆتینە کوالێتی بەرزە دابین بکەین کە مەڕی دایک دەیخوات.
بەتایبەت لەو مەڕانەی بە کێفی کەم پڕۆتین وەک کا کە کوالێتییان نییە بەخێو دەکرێن، دابینکردنی پێویستییەکان تەنها بە بەکارهێنانی کێف زەحمەت دەبێت.
لەم خاڵەدا دەکرێت خۆراکێکی کۆنترات (concentrate)ی پڕۆتیندار کە تایبەتمەندی گونجاوی هەیە بۆ پێش زایین بەکاربهێنرێت.
بەڵام بڕی خۆراکەکە؛ دەبێت بەپێی کوالێتی کێف، کێشی زیندووی مەڕ، ژمارەی سکپڕی و دۆخی گشتی ڕانەکە دیاری بکرێت.
بۆیە ئەوەی گرنگە بەکارهێنانی خۆراکی پڕۆتین بەرز نییە، بەڵکو گەیشتنە بەو ئاستەی پڕۆتین کە گونجاوە لەگەڵ پێویستی مەڕەکە.
لەو مەڕانەی نزیکە لە زایین، هاوسەنگی کالیسیۆم، فۆسفۆر، مەگنیسیۆم و کانزاکانی تریش گرنگە.
بۆیە نابێت تەنها وەڵامی پرسیاری “چەند پڕۆتین بەکاربهێنم؟” بدۆزینەوە، بەڵکو دەبێت وەڵامی پرسیاری “ڕاسیۆنی گشتی مەڕەکە چەند هاوسەنگە؟” بدۆزینەوە.
بیرمان نەچێت کە؛
بەرخی تەندروست، دایکی بەهێز و بەرهەمی شیری باش؛ نەک دوای زایین، بەڵکو بە خۆراکدانی دروست پێش زایین دروست دەبێت.
